Skip to main content

MOVE

حوزه‌یران 12, 2026

پێشخستنی هەلی بەدەستهێنانی کار و هێزی ئابووری و بەرپرسیارێتی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق (KRI) و زانکۆکانی یەمەن

لە ١٤ و ١٥ی شوباتی ٢٠٢٦، زانکۆی سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق میوانداری وۆرکشۆپی دەستپێکی پرۆژەی MOVE – بەرزکردنەوەی توانایی بەدەستهێنانی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ لە ڕێگەی پەرەپێدانی تواناکان و هاوکاری پیشەسازی ڕاگەیاند، کە پرۆژەیەکی سێ ساڵەیە بە بودجەی یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسمەس+ سەبارەت بە چالاکیی بەهێزکردنی تواناکان بۆ خوێندنی باڵا. پرۆژەی MOVE ڕووبەڕووی بێکاری دەرچووان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و یەمەن دەبێتەوە بە بەهێزکردنی تواناکانی زانکۆ ناوخۆییەکان و پەرەسەندنی کارگێڕی بازرگانی لە هەمان کاتدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ڕاهێنانی ئەکادیمی و داواکارییەکانی بازاری کار لە بواری کشتوکاڵ و زانستە ژینگەییەکان. پرۆژەی MOVE کە لەلایەن UNIMED بەڕێوەدەبرێت، پێکهاتووە لە: زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر، زانکۆی دھۆک، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی سلێمانی، لەگەڵ هاوبەشە یەمەنییەکان، زانکۆی عەدەن و زانکۆی حەضرەمەوت، و دوو زانکۆی ئەوروپی، زانکۆی کالابریا لە ئیتالیا و زانکۆی مورسیا لە ئسپانیا، و هاوکاریی دوو هاوبەشی ئابووری-کۆمەڵایەتی، یەکێتیی ئەندازیارانی کشتوکاڵی کوردستان و دەزگای سەڵاح بۆ پەرەپێدان لە یەمەن.

وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە دانیشتنەکانی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ڕا لە نێوان هەموو هاوبەشەکان وەک دەستپێکردنی فەرمی پرۆژەکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان خوێندنی باڵا و بازاری کار لە هەرێمی کوردستانی عێراق و یەمەن بەتایبەت فاکەڵتییەکانی زانستە کشتوکاڵی و ژینگەییەکان، و بەشی تایبەت پێکەوە دەبەستێتەوە بۆ پشتگیریکردنی پەرەپێدانی تواناکان و بەهێزکردنی پەیوەندی زیاتری زانکۆ و پیشەسازی و یارمەتیدانی دەرچووان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی باشتر لە بازاری کاردا.

دەستپێکردنی فەرمی پرۆژەکە

وۆرکشۆپەکە بە وتەکانی پێشوازیی بەڕێز (د. شیروان حەمەساڵح عومەر) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەستیپێکرد کە جەختی لەوە کردەوە کە پرۆژەکە دەرفەتێکی پڕ مژدەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان زانکۆکان و پیشەسازی لە هەردوو لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی جیاوازدا لە هەرێمی کوردستان و یەمەن. هەروەها باسی لەوەکرد کە پێوەری سەرکەوتنی ڕاستەقینە بۆ خوێندنی باڵا ژمارەی دەرچووان نییە، بەڵکو کوالیتی تواناکانیانە بۆ بەشداریکردنی فیعلی و پراکتیکی لە پەرەپێدانی وڵاتەکانیاندا.

پ.د. محەممەد حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە خوێندنی باڵا لەم ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی هەل و مەرجێکی کاریگەر دەبێتەوە کە دەبێت ڕۆڵی ڕاستەقینەی زانکۆکان بەدەستهێنانی کار و هاوبەشیان لە بازاری کاردا بپێورێت و هەر بۆیە زانکۆکان دەبێت لە شێوازی فێرکردنی کلاسیکی تێپەڕن بەرەو شێوازە هاوچەرخییەکان بە گواستنەوەی توانا پراکتیکییەکان و توانا پاڵپشتییەکان وەک شارەزایی دیجیتاڵی، تواناکانی پەیوەندییکردن، و کارکردنی تیمی.

بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنێ، کۆنسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر، لە ڕێگای ئۆنلاینەوە بەشداری کرد، سوپاسی UNIMED و زانکۆی سلێمانی کرد بۆ بانگهێشتکردنیان جەختی لەوەش کردەوە کە پاش دەرچوون لە زانکۆ بۆ کارکردن یەکێکە لە قورسترین قۆناغەکانی ژیانی گەنجان، بەتایبەتی لە هەل و مەرجێکدا کە نیشانەی نادڵنیایی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاستەنگە جیهانییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا لە ئارادان. هەر بۆیە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان زانکۆ و پەروەردە و پێویستییەکانی بازاری کار زۆر پێویستە بۆ بونیادنانی گەنجی بەتوانا و کارامە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەکانیاندا.

پاشان بەڕێز ڕادو بوتوم، بەڕێوەبەری نووسینگەی لقی هەولێری یەکێتی ئەوروپا ، کە ستایشی ئامانجی MOVEی کرد کە زۆر پەیوەندیدارە بە کۆمەڵگەوە، بەتایبەت لەو ڕووەوە کە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانایی بەدەستهێنانی کارە، کێشەیەک کە هێشتا پێویستی بە سەرنجێکی بەهێزتر هەیە لە ناوچەکەدا. لە جیهانێکی خێرا گۆڕاودا کە لەلایەن تەکنەلۆجیاوە بەرهەم هاتووە، ئاماژەشی بەوەشدا کە ئاستەنگەکە تەنها لە سۆنگەی پەروەردەوە تێپەڕ نابێت بەڵکو دامەزراوە ئەکادیمیەکان دەبێت گەنجان ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبونەوی کێشەکان و هەبوونی گونجاندنی پێویست بۆ گەشەکردن لە ژینگەیەکی نوێ و پەرەسەندوودا لە ئەستۆ بگرن. هەروەها باسی لەوەش کرد کە پرۆژەی MOVE بە تەواوی هاوتەریبە لەگەڵ داخوازییەکانی سەردەم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەڵ ئامانجی سەرەکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، کە لە ناویاندا، ئامانجی دروستکردنی دەرفەت بۆ گەنجان و زیادکردنی هەلی کار، و بەهێزکردنی پەروەردە، تواناکان و جوڵەی خەڵک لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا، خاتوو سیلڤیا مارکیۆنێ، بەڕێوەبەری باڵای پرۆژەی UNIMED و ڕێکخەری پرۆژەی MOVE، جەختی لەوەکردەوە کە جگە لە ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندن، MOVE پاڵپشتی چاکسازی دامەزراوەیی دەکات، بەهێزکردنی زانکۆکان وەک بزوێنەری پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەکادیمیا، پیشەسازی، و پڕۆسەی سیاسیدا. ئەو جەختی لەو ڕاستیە کردەوە کە MOVE لەگەڵ UNIMED ڕۆڵیان هەمیشە بریتی بووە لە پێکەوەبەستنی زانکۆکان لە ناوچەکاندا، پێشخستنی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی، و دروستکردنی پلاتفۆرمەکان کە تێیاندا ئاستەنگە هاوبەشەکان بە شێوەیەکی کۆکەرەوە چارەسەر بکرێن.

پرۆژەی MOVE و دامەزراوە هاوبەشەکان

خاتوو سیلڤیا مارکیۆنێ، بەڕێوەبەری پرۆژەی UNIMED و ڕێکخەری پرۆژەی MOVE، بیرۆکەی پرۆژەکە و ئەنجامە سەرەکییە پێشبینی کراوەکان لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو و چالاکییەکانی جێبەجێکردن پێشکەش کرد. کۆبوونەوەکە هاوبەشە ئەوروپاییەکانی تێدابوو دکتۆر سێزارێ ئۆلیڤیێرۆ ڕۆسی، پڕۆفیسۆری زانکۆی کالابریا، لەگەڵ مارینا ڕێچێ پاردۆ – تەکنیکی کارگێڕی بازرگانی و ئێڤا پینار مۆرێنۆ – پسپۆری تەکنیکی لە زانکۆی مورسیا کە ئەزموونەکانی دامەزراوەکانیان هاوبەش کرد لە سەر چۆنییەتی پاڵنانی بیرۆکەی کارگێڕی بازرگانی و شێوازەکانی توانایی بەدەستهێنانی کار، جەختیان کردەوە لەسەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی زانکۆکان لە پشتگیریکردنی پەرەپێدانی تواناکانی دەرچووان. نوێنەری سەرەکی هەموو زانکۆ ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و یەمەن ئامادەبوون و بەشدارییان کرد بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی MOVE.

ئامانجی پرۆژەکە

زنجیرەیەک چالاکییە کە لە ٥ پاکێجی کاری سەرەکی پێکهاتوون. هاوبەشەکان کار دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندییە ئەکادیمیەکان، لەگەڵ پێویستییەکانی بازاری کار لە بوارەی زانستە کشتوکاڵی و ژینگەییەکان. ئەمە دەبێتە هۆی نوێکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن لە هەریەک لە ٦ دامەزراوەی خوێندنی باڵا لە یەمەن و هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئەنجامەکانی فێربوون، شێوازی فێرکردن و لە ڕووی ناوەڕۆکی داهێنەرانە و نوێکردنەوە بۆ پرۆگرامەکان. پرۆژەکە توانا و شارەزاییەکانی ستافی زانکۆ بەرز دەکاتەوە لە ڕێگەی دروستکردنی توانا بۆ مامۆستایان، ستافی کارگێڕی و خوێندکاران بە بەهێزکردنی بیرۆکەی کارگێڕی بازرگانی و داهێنەرانە لە نێوان خوێندکاران، بە لەبەرچاو گرتنی پێویستییەکانی کۆمەڵگە و بازاری ناوخۆیی.

لە کۆتاییدا، خوێندکاران بەشداری لە پرۆگرامی گشتگیری سەوزدا دەکەن و دەرفەتیان دەبێت کە ئەوەی فێربوونە بخرێتە بواری پراکتیکەوە، هەروەها تاقیگە زیندووەکان وەک شوێنی گفتوگۆ و هاوبەشکردنی زانیاری لە هەر زانکۆیەکدا دروست دەکرێت بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی لە ڕوانگەیەکی پراکتیکی و کارپێکردنییەوە، پرۆژەکە هەروەها ڕوانگەیەکە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی ڕۆڵی سەرەکی پەروەردەی پەرەپێدانی بەردەوام بەرەو داهاتویەکی سەوز و بەردەوام بۆ کۆمەڵگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و یەمەن.